کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی: خواست لەسەر گۆشت کەمی نەکردووە

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی رایگەیاند، تای خوێنبەربوون خواستی بازاڕی لەسەر گۆشت کەمنەکردووەتەوە و وەک رۆژانی ئاسایی، خواستی لەسەر هەیە.

شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێستا لە وەرزی بەرزبوونەوەی خواستین لەسەر گۆشت، ئەو خواستەش بەشێوەیەکی سروشتی هیچ دابەزینێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و لە بازاڕەکانیشدا، خواست لەسەر گۆشت ماوە.

وتیشی، ساڵی پاریش نەخۆشیی تای خوێنبەربوون هەبوو و هەروەک ئەمساڵ، خواست لەسەر گۆشت هەبووە و نێردراوەتە بازاڕەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، جەژنی قوربان نزیکدەبێتەوە و ئاژەڵێکی زۆر دەکرێنە قوربانی، بەو بۆنەیەشەوە، هەڵمەتی هۆشیاری و رێکاری زانستیی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان و رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی.

لە ماوەی رابردوودا، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە بەشێکی پارێزگاکانی عێراق و کەرکوک، تەشەنەی سەندووە و تائێستا چەند کەسێک بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێکى رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، %40ـی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.

ئەو نیشانانەی کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم و چاو و گوێ، هەروەها تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار، کۆما، هێڵنج، لەکارکەوتنی گورچیلە یان جگەر، کێشەی هەناسەدان).

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share