تەیف سامی: کورتهێنانی بودجە کەمە و مەترسی دروستناکات

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، کورتهێنانی بودجە کەمە و مەترسی لەسەر قەرزە گشتییەکانی عێراق دروستناکات.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەفدێکی باڵای حکومەت بە بەشداریی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، لەگەڵ نوێنەرایەتیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوە و تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئابوری و داراییەکانی عێراقیان کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، “نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چەند پێوەرێکی ئەرێنیی دیاریکردووە کە پەیوەندییان بە ئابوریی عێراقەوە هەیە، دیارترینیان گەشەی 5%ـی داهاتی نانەوتییە لە ساڵی 2024ـدا، ئەمەش بەهۆی گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵ و زیادبوونی خەرجییە گشتییەکانەوە بووە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە ساڵی 2025ـدا گەشەکردن بە رێژەی 4% بەردەوامبێت”.

سەبارەت بە کورتهێنان لە بودجەدا، تەیف سامی رایگەیاند، “کورتهێنان لە ساڵی 2024 گەیشتە پێنج ترلیۆن دینار، کە یەکسانە بە 1.5%ی بەرهەمی ناوخۆیی، بەبێ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و قەرزە دواکەوتووەکان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان و وزە. ئەمەش ئاستێکی نزمە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر رێژەی قەرزی گشتی نابێت و سندوقی دراوی نێودەوڵەتییش ئەمەی دووپاتکردووەتەوە”.

وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی وت، “سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی تەکنیکی و راوێژکاری بۆ عێراق، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی قەرزە گشتییەکان، چاکسازی لە باج و دەستنیشانکردنی گونجاوترین سیستمی باج بۆ دۆخی ئابوریی عێراق”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: سبەینێ ئەنجامی هەڵبژاردن رادەگەیەنین

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، سبەینێ چوارشەممە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان بڵاودەکەنەوە. عەباس فەتلاوی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای…
Total
0
Share