دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریداوە بە سەپاندنى رەسمی گومرگیی نوێ بەسەر سەرجەم فیلمە سینەماییە بەرهەمهێنراوەکانى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
راگەیاندنى ئەو بڕیارە نوێیە لەکاتێکدایە کۆشکى سپى رووبەڕووى رەخنەى زۆر دەبێتەوە بەهۆى سیاسەتە بازرگانییەکان کە خۆى لە سەپاندنى رەسمی گومرگیی بەرز بەسەر زۆرینەى وڵاتانى جیهاندا دەبینێتەوە.
ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕەکەى “تروس سۆشیال” وتى، “وەزارەتى بازرگانى و نوێنەرى بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان رادەسپێرم بە کارکردن بۆ سەپاندنى گومرگ بە رێژەى 100% بەسەر سەرجەم ئەو فیلمانەى دێنە وڵاتەکەمانەوە، دواى ئەوەى لەسەر خاکى بیانى بەرهەم دەهێندرێن”.
لێدوانەکەى سەرۆکى ئەمریکا دواى راگەیەندراوەکەى مانگى رابردووى چین، کە زۆرترین بڕیارە گومرگییەکانى ترەمپ-ى رووبەڕوو بووەتەوە، دێت کە ئاشکرایکرد هاوردەکردنى فیلمە ئەمریکییەکان کەمدەکاتەوە.
ترەمپ یەکشەممە نووسى کە “بەرهەمهێنانى سینەما لە ئەمریکا مردنێکى خێرا دەمرێت، چونکە وڵاتانى دیکە سەرجەم جۆرەکانى هاندان بەکاردەهێنن بۆ راکێشانى دروستکەرانى فیلمەکان و ستۆدیۆکانمان دوور لە ویلایەتە یەکگرتووەکان” ئەوەشى وت، “هۆلیۆد و، زۆرێک لە بوارەکانى دیکەى ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان، رووبەڕووى داڕوخان دەبنەوە”.
روون نییە ئەم بڕیارە نوێیەى ترەمپ کاریگەرى لەسەر بەرهەمهێنانى سینەما چۆن دەبێت، یان چۆن ئەم گومرگەیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
هەروەها ترەمپ لە بڕیارەکەیدا ئاماژەى بە بەرهەمهێنانى زنجیرەى تەلەفزیۆنەکان نەکردووە، کە بەهەمان شێوە کەرتێکى قازانجهێنە و بینەرێکى زۆرى هەیە.