مانگی داهاتوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراق دەکات.
عامر فایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “مانگی داهاتوو ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەشداریكردن لە سێهەمین كۆنفرانسی بەغداد بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی سەردانی بەغداد دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق چەند دۆسییەك تاوتوێدەکات”.
وتیشی، “بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداریی كۆمپانیاكانی فەرەنسا لە كەرتی وەبەرهێنان لە عێراق، پێشبینیدەکرێت لە سەردانەكەدا، ژمارەیەك گرێبەستی چەك لەنێوان فەرەنسا و عێراق واژوو بکرێن”.
دەشڵێت، لەنێوان عێراق و فەرەنسا لیژنەی هاوبەش پێكهێندراوە، بۆ ئامادەكردنی دۆسییەکانی کە لە سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغداد گفتوگۆیان لەسەردەكرێت، لەنێویاندا دۆسیەی تایبەت بە بوارەكانی ئابوری، وەبەرهێنان، ئاسایش و سەربازی”.
بڕیارە رۆژی 17ی حوزەیرانی 2025 سێیەمین كۆنفرانسی بەغداد بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی بە بەشداریی بەشێكی زۆر لە سەرۆكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەڕێوەبچێت.