سەرۆکی رۆحیی درووزەکانی سوریا رایگەیاند، “داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین چاوپۆشی لەو تاوانانە نەکەن کە بەرامبەرمان کراوە”.
حیکمەت سلێمان هجری، سەرۆکی رۆحیی درووزەکانی سووریا لە بەیاننامەیەکدا، دەڵێت، “ئەو شەڕە خوێناوییەی هەرگیز چاوەڕێمان نەدەکرد و نەماندەویست، بێ هیچ بیانوویەک یەخەی گرتین، لەکاتێکدا هاوڵاتییان بە ئارامی لە ماڵەکانیاندا دانیشتبوون، چەکدارە خوانەناسەکان هێرشیان کردووەتە سەریان، ئەوانیش بەرگرییان لە گیان و ماڵ و شکۆی خۆیان کردووە، بێتاوان کۆمەڵکوژ کراون”.
سەرۆکی رۆحیی درووزەکانی سووریا ئەوەش دەڵێت، “تەنها پێنج مانگ بەسەر کۆتاییهاتنی ژێردەستی و ئازار و ئەشکەنجەی گەلی سوریا تێپەڕیوە، لە کاتێکدا رۆڵەکانی ئێمەش بەشدارییان لە ئازادکردنی سوریادا کردووە بۆ ئەوەی دەستوورێک هەبێت دادپەروەری و یەکسانی بەدی بێنێت”.
دەشڵێت، “داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین چاوپۆشی نەکەن لە کاری لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی لە کەناراوەکانی سووریا بەرانبەر گەلەکەمان کراوە و ئەو کۆمەڵکوژییە پلان بۆ داڕێژراو بووە، ئەوە بەڕوونی دیارە”.