ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، پابەندییەكانی خۆی بەتەواوی جێبەجێكردووە بۆ هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هیچ ئاستەنگ و بەربەستێك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە نییە و دەشڵێت، “بەزووترین كات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێكدەهێندرێت بۆ دانانی رێكار و میكانیزمی گونجاو بۆ ئاسانكاری لە زوو بەجێگەیاندنی رێكارەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی مووچە و شایستەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، كە حكومەتی هەرێم پابەندییەكانی خۆی بەتەواوی جێبەجێكردووە بۆ هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هیچ ئاستەنگ و بەربەستێك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە نییە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد، بەزووترین كات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێكبهێنن بۆ دانانی رێكار و میكانیزمی گونجاو بۆ ئاسانكاری لە زوو بەجێگەیاندنی رێكارەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی مووچە و شایستەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە راپۆرتێكدا روونیكردەوە كە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حكومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەكانی خۆی بەتەواوی جێبەجێكردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەكەی لە گەنجینەی گشتیی فیدڕاڵ، لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە نییە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر رێكخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینیی گشتی لە هەرێمی كوردستان كرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتیی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی.
ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوەش كردووە، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راپۆرتێك خرایەڕوو و لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و رەچاوكردنی تایبەتمەندییان كە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتكردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی دارایی و ئابوری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆی راسپارد، بەزووترین كات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێكبهێنن بۆ دانانی رێكار و میكانیزمی گونجاو بۆ ئاسانكاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێكارەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی مووچە و شایستەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە كەرتەكانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بە جۆرێك كە راییكردنی مامەڵەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی شایستەكانیان دوا نەكەوێت.