پاش ئەوەى حکومەتى نەتەنیاهۆ هێرشى بۆسەر گروپێکى چەکدار لە نزیک دیمەشق ئاشکراکرد، سوپاى ئیسرائیل بڕیارى دەرکرد بۆ ئامادەکاریی هێرشکردنەسەر ئامانجەکانى سوریا ئەگەر “توندوتیژى دژى دروزەکان” رانەگرێت.
دواى بارگرژییەکانى ناوچەکانى دەوروبەرى دیمەشق (جرمانا و سحنایا)، ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانى ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، رێنوێنی داوە بۆ ئامادەکارى بۆ هێرشکردنەسەر ئامانجەکانى سەر بە حکومەتى سوریا لە دیمەشق ئەگەر پێکدادانەکان نەوەستێت.
ئەمەش دواى ئەوەى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئیسرائیلى ناوچەیەکى لە دەوروبەرى دیمەشق بۆردومانکرد و بووەهۆى کوژرانى ئەندامێکى ئاسایشی گشتى.
میدیا ناوخۆییەکانى ئیسرائیل-یش بڵاویانکردەوە، سوپاى ئیسرائیل چاودێریی پێشهاتەکانى سوریا دەکات، ئاماژەشیدا هێزەکانى ئامادەباش دەبێت بۆ مامەڵە لەگەڵ سەرجەم سیناریۆ جیاوازەکان.
لە دوێنێ-ەوە جارێکى دیکە پێکدادان و بارگرژى لەنێوان هێزەکانى حکومەتى سوریا و دروزییەکانى وڵاتەکە سەریهەڵداوەتەوە.