لەبارەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران کشتوکاڵی هەرێم روونکردنەوە دەدات

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کۆی گەنمی جوتیارانی هەرێم بكڕێتەوە.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە وەزارەت ئاگاداریی ئەو بڕیارەین کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە سەبارەت بە کڕینەوەی کۆی بەرهەمی ئەمساڵی جوتیارانی عێراق، بەڵام لە بڕیارەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە گەنمی جوتیارانی هەرێم نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم پێویستە نووسراوی تایبەت بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق بنێرن و ئەوانیش بە نووسراو دڵنیاییمان پێبدەن، هەر بڕیارێک لەو بارەیەوە درا جوتیاران ئاگاداردەکەینەوە.

هیوا عەلی جەختیکردەوە، ئەمساڵ بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی رووی لە عێراق و هەرێم کردووە، ئەگەر حکومەتی عێراق کۆی گەنمی جوتیارانی عێراق بە هەرێمیشەوە بکڕێتەوە هێشتا کورتهێنانی دەبێت، هەر ئەمەش هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکەیە.

بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران هاوشێوەی عێراق بڕیارە هەر یەک تۆن گەنم بە بڕی 850 هەزار دینار لە جوتیار بکڕدرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share