ناوەندى ئەڵمانى بۆ خۆراک ئاماژە بە هەشت خۆراکى سوودبەخش بۆ جوڵەى ریخۆڵە دەکات کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رزگاربوون لە مەترسیی قەبزى.
قەبزى بە یەکێک لە گرفتە تەندروستییە باوەکان دادەنرێت، کە بەهۆى لاوازیی جوڵەى ریخۆڵە روودەدات لە ئاکامى بۆ نمونە کەمیی جوڵە یان فشارى دەروونى.
بەپێى توێژینەوەیەک کە رۆژنامەى “هسبریس” لە ناوەندە ئەڵمانییەکەوە گواستویەتیەوە، دەکرێت جوڵەى ریخۆڵە چالاک بکرێت لەڕێى تێکەڵکردنى ئەو ریشاڵانەى دەتوێنەوە لەگەڵ ریشاڵى نەتواوە، هەروەها خواردنەوەى شلەمەنى، وەک ئەمانە:
1- ئاو
خواردنەوەى پەرداخێک ئاو بەیانیان پاش لەخەو هەستان، هانى چالاکبوونى ریخۆڵە دەدات، لەگەڵ رۆژانە خواردنەوەى لیتر و نیوێک بۆ دوو لیتر ئاو.
2- شۆفان
شۆفان هەردوو جۆر ریشاڵەکەى تیایە و سوودبەخشە بۆ ریخۆڵە.
3- نانى دانەوێڵەى تەواو
ئەو کەسانەى نان یان سەموونى دروستکراو لە دانەوێڵەى تەواو دەخۆن لەجیاتى دروستکراو لە ئاردى سبى بڕێکى زۆرترى ریشاڵ وەردەگرن.
4- گەنمەشامى
گەنمەشامى دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، لەهەمان کاتدا ژەمێکى سووکى تەندروستە، بەمەرجێک بەشێوەیەکى دروست ئامادەبکرێت. واتە رۆن و شەکر یان خوێى کەم لە ئامادەکردنیدا بەکاربێت.
5- برۆکلى
سیستمى خۆراکیی دەوڵەمەند بە سەوزە و میوە بەشێوەیەکى گشتى سوودبەخشە بۆ پرۆسەى هەرس.
6- قۆخ
قۆخ بۆ نمونە بە وشکراوەیى یان گیراوەکەى چارەسەرێکى کۆنى قەبزییە، میوەى وشککراوە هەر ریشاڵى زۆرى تیانییە، بەڵکو شەکرى سوربیتولیشى تیایە کە دەردانى پاشەڕۆ ئاسان دەکات.
7- تۆوى کەتان
تۆوى کەتان کاریگەری لەسەر هەرس هەیە، تەنها کەوچکێکى گەورە 2.8 گرام ریشاڵى قابیل بە توانەوەى تیایە.
8- کەرە
بەکتریاى ترشى لاکتیک کە لە کەرەدا هەیە، دەبێتەهۆى رێکخستنى پرۆسەى هەرسکردن.