ساڵڕۆژی بۆردومانکردنی قەڵادزێیە

ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر بۆردومانكردنی قەڵادزێدا تێدەپەڕێت.

ساڵی 1974 قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی لەلایەن رژێمی پێشوو بۆردومانكران لەئەنجامدا 163 كەس شەهیدبوون كە 9 كەسیان خوێندكاری زانكۆ بوون و نزیكەی 300 كەسیش برینداربوون، 9 بینای حكومی، بینای زانكۆ وێران كران و روخێنران.

رۆژی 24ی نیسانی 1982 واتە لە ساڵڕۆژی بۆردومانەکەدا خەڵكی خۆڕاگری قەڵادزێ لەدژی رژێمی پێشوو راپەڕین، بەڵام رژێم بە گوللـە وەڵامی دانەوەو لە ئەنجامدا دوو كەس بە ناوی خوشكە سنەوبەرو دایە ئامینە شەهیدبوون و 5 كەسیش برینداربوون.

لەكارەساتی قەڵادزێدا چوار فڕۆكەی سیخۆی روسیی ژمارە 7 بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی رژێمەکە بەکارهات و تێیدا ناوچەکە بە بۆمبای ناپاڵمی قەدەغەكراو خەڵتانی خوێن کرا.

رژێم بۆ لەناوبردنی كورد بەتایبەت ئەو دەڤەرە لە پیلانێكی نوێدا سیاسەتی راگواستنی پیادەكرد، ئەوەبوو ساڵی 1978 تاوەکو 1979 زۆربەی دانیشتووانی گوندەكانی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكانی (پێماڵك، بەستەستێن، چوارقوڕنە، توەسوران) راگواست و سەرجەم گوندەكانی بە مزگەوتەكانیشەوە سوتاند.

جەماوەری قەڵادزێ هەموو ساڵێك لە 24ی نیساندا چالاکیی جۆراوجۆر بۆ بیرهێنانەوەی کارەساتەکە و باسکردنی بۆ نەوەکانی ئێستا ئەنجامدەدەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share