پێشڕەو مەلاوەیسی: هەقمە بڵێم دیدار تەنها شیاو بە باڵای یەكێتی و یەكێتییەكانە و بەس

پێشڕەو مەلاوەیسی، رۆژنامەنوس و میدیاكار لە نووسینێكیدا دەڵێت، “دیدار، خستنەڕووی دیدگای نوێ، كە تەنها شیاو بە باڵای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و یەكێتییەكانە”.

باسی لەوەش كردووە، ئەوەی جێگای شانازی بوو بۆ من، دیداربوو بە دیداری هەڤاڵان و سەرۆكی حزبەكەمان، لە هەمووشی گرنگتر راستگۆیی و رەوانی وتارەكان بوو، بۆیە بە مانای ووشە دیدار، دیداری نەخشاند، وەك زەماوەندی یەكێتییەكان خۆی نەخشاندبوو لە بەرچاوم، جۆش و خرۆشی ئەندامانی دیدار بۆ یەكێتی دەتووت ئەو رۆژانەیە كە تەنیا كوڕانی یەكێتی ئاوێزانی شاخ و دۆڵ و گردۆڵكە و پێدەشتەكانی گەرمیان بوونە بۆ رزگاریی گەلەكەمان، بۆیە دەمەوێت بڵێم دیدار وێستگەیەكی سیاسی و حزبی یەكێتی و یەكێتییەكانە، كە تەنها شیاو بە باڵای یەكێتی و یەكێتییەكانە، هەر یەكێتیش جوورئەتی ئەوەی هەیە خۆی بخاتە بەر پێنووس و گوتار و گوفتاری كادیرەكانی، ئاخر كە یەكێتییەك وابێت چۆن؟.. شانازی بە یەكێتیی بوون و دیدارمانەوە نەكەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دەمەوێت بێمە سەر وتەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بەوپەڕی دلێری و بووێرییەوە پڕ بە گەرووی لە بەرچاوی كامێراكان، دەڵێت پشتیوانی خوشك و براكانمان دەبین لە هەركوێیەكی ئەم جیهان و نەخشە سەپێنراوە بێت، ئەوەش دەرخەری زیاتر و تەئكیدكردنەوەیە لەسەر نیشتمانی و نەتەوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بەشێكی زۆری حزب و رێكخراوە كوردییەكان نەك لە بەرچاوی كامێراكان، بگرە لە ژوورە تاریكەكانیشدا ناوێرن و ناتوانن لەسەر ئەو پرسە قسەبكەن.

وتیشی، “سەبارەت بە پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەو پەڕی بەرچاو ڕوونی خستەڕوو بۆ ئەندامانی دیدار، چی لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیهان كە ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە یەكێتی بەرەو لوتكەی پێشكەوتنی پەیوەندییە ناوخۆی و هەرێمی و نێو دەوڵەتییەكان و كەوتووەتەڕێ”.

لەبارەی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە، پێشڕەو مەلا وەیسی دەڵێت، “سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وەك هەمیشە هیچ فلتەرێكی لە نێوان خۆی و ئەندامانی دیدار نەهێشتەوە و هەمووانیشی دڵخۆشكرد بەو پێشكەوتنانەی یەكێتی بەدەستیهێناوە”.

باسی لەوەش كردووە، پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، و بەڵێنەكانی یەكێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بافڵ جەلال تاڵەبانی” سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، هەموو بەڕچاو روونییەكی خستە بەردەم دیدی كادیران و كوردستانیان، كە یەكێتی نەك ئامادەنییە لەسەر یەك ووشە سازشبكات، بەڵكو بەڵێنەكانی بردووەتە سەر بێگومان ئەوەش وایە، كوا؟..ئەو غرورەی پێكهێنانی كابینەی نۆ، كوا؟.. بە جێهێشتنی یەكێتی، كوا؟ گوێنەدان بۆڕای یەكێتی، هەموو ئەمانە دەستكەوتی سەركەوتنی یەكێتی و ژیری و دنیا بینی سیاسییانەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە هەقمە بڵێم دیدار تەنها شیاو بە باڵای یەكێتی و یەكێتییەكانە و بەس.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share