كه‌جه‌كه: تەقینەوەكەی قادیا بەهۆی بۆردومانی توركیا بووە

دەڵێت، هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌ هه‌رێمییه‌كانی PDK هه‌وڵێكی گێره‌شێوێنیانه‌یان ده‌ستپێكردووه‌

كه‌جه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى كامپى قادیاوه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، “ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌هۆی بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركیاوه‌ ڕوویداوه‌”.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 31ى ئاب بڵاویكرده‌وه‌، كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆما جڤاكێن كوردستان – كه‌جه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ته‌قینه‌وه‌كه‌ى شه‌وی ڕابردووى كامپى قادیا، له‌ ئه‌نجامى بۆردومانى فڕۆكه‌كانى توركیا ڕوویداوه‌.

كه‌جه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێر و ته‌سه‌ل له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ كرابێت، هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان، پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ ‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن و ده‌ڵێت، “هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌ هه‌رێمییه‌كانی PDK و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌ر به PDK له‌ كامپه‌كه‌ هه‌وڵێكی گێره‌شێوێنییانه‌یان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆباڵی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی PKK”.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا كه‌جه‌كه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئامانج له‌و جۆره‌ بۆچوونانه‌، “نیشاندانى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕووداوه‌كه‌ ‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشى ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌هاتووه‌ته‌ ئاراوه”‌.

ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بۆ چاپه‌مه‌نی و ڕای گشتی
له‌ به‌رواری 30.08.2021 له‌ ساته‌ دره‌نگه‌كانی شه‌ودا، له‌ كه‌مپی قادیای سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆی هه‌رێمی فیدراڵی باشووری كوردستان ته‌قینه‌وه‌یه‌ك هاته‌ئاراوه‌ كه‌ تیایدا 2 منداڵ گیانیان له‌ده‌ست دا و چه‌ندین خه‌ڵكی مه‌ده‌نیش بریندار بوون. ئه‌م كه‌مپه‌ شوێنی مانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌لی ئێزیدی شه‌نگاله‌ كه‌ له‌ به‌ر هێرشی جینوسایدی داعش لێی په‌نابه‌ر ببوون. له‌ خودای په‌روه‌ردگار داواكارین كه‌ رۆحی گیانبه‌ختكردووان به‌ به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات و شیفا بداته‌ بریندارانی ئه‌م رووداوه‌ و لێره‌دا جارێكیتریش پشتیوانی خۆمان بۆ خه‌ڵكی ئه‌م كامپه‌ ده‌رده‌بڕین.
هه‌م گێڕانه‌وه‌كانی شایه‌تحاڵانی رووداوه‌كه‌ و هه‌م چۆنیه‌تی و شێوازی هاتنه‌ئاراوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ هێرشی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێر و ته‌سه‌ل له‌ سه‌ر رووداوه‌كه‌ كرابێت، هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌ هه‌رێمییه‌كانی PDK و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌ر به PDK له‌ كامپه‌كه‌ هه‌وڵێكی گێره‌شێوێنیانه‌یان ده‌ست پێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئۆباڵی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی PKK. ئارمانجی ئه‌م جۆره‌ بۆچوون و گێرشێوێنیانه‌ی به‌رپرسانی PDK ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وا نیشان بده‌ن ئه‌م رووداوه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌ به‌رده‌امه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌ و به‌م هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌ی خۆیان پاكانه‌ بۆ ئه‌و هێرشه‌ جینوسایدییه‌ ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا بۆ سه‌ر گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌كو ئاگادارن ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا له‌ رۆژانی 16-17ی ئاب له‌ ناوه‌ڕاستی بازاری شه‌نگال و له‌ خه‌سته‌خانه‌ی شه‌نگال كومه‌ڵكوژی ئه‌نجام دا. PDK له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییانه‌ بێده‌نگی هه‌ڵبژارد به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی كامپی قادیا، هێشتا نه‌چوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌، بزووتنه‌وه‌كه‌مان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. ئێمه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی PDK شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و له‌و بڕوایه‌داین كه‌ ئه‌مه‌ رووداوێكی پلان بۆداڕێژراوه‌.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كامپی قادیا پاش لوتكه‌كه‌ی به‌غداد و سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا و هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی هه‌ندێك به‌رپرسی PDK بۆ تۆمه‌تباركردنی به‌په‌له‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌مان ئه‌وه‌ قه‌ناعه‌ته‌ به‌هێزتر ده‌كات كه‌ پێش رووداوه‌كه‌ ئاگایان له‌ پلانه‌كه‌ هه‌بووه‌. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ بانگه‌وازی له‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م لێدوانه‌ گێرشێوێنیانه‌ی PDK هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و ئه‌م به‌رپرسانه‌ی PDK شه‌رمه‌زار و مه‌حكوم بكه‌ن.
ئێمه‌ وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان هه‌روه‌كو چۆن له‌ رابردوودا، له‌ كاتی ئێستاشدا پشتیوانی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌لی ئێزیدی بۆ سه‌ر زێد و خاكی خۆیان و له‌ نوێوه‌ ئاوادانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال ده‌كه‌ین و ئاماده‌ین هه‌موو ده‌رفه‌ت و ئیمكانی خۆمان بۆ ئه‌م ئه‌ركه‌ بخه‌ینه‌ گه‌ڕ. هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كامپی قادیا ئه‌و راستییه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌لی شه‌نگال بۆ سه‌ر زێد و خاكی خۆیان و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و خۆپاراستنیان ئه‌ركێكی به‌په‌له‌یه‌. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ جارێكیتر بانگه‌وازی له‌ حكومه‌تی ئێراق، PDK و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌كه‌ین كه‌ ده‌ست له‌م پیلانه‌ چه‌په‌ڵانه‌ دژ به‌ گه‌لی ئێزدی هه‌ڵبگرن. هه‌روه‌ها بانگه‌وازی له‌ رای گشتی جیهان ده‌كه‌ین كه‌ پشتیوانی له‌ داواكاری ره‌وای گه‌لی ئێزێدی بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و خۆپاراستن بكه‌ن.

كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK
31ی ئابی 2021

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێك: زیاتر لە 200 بەنزینخانە بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاردەکەن

بابەتی دواتر

قائیمقامیەتی سلێمانی پسووڵەی سەرپێچی بۆ 44 نانەواخانە كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
11
Share