بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران رایدەگەیەنێت، سێ تۆمەتباریان بەتۆمەتی دزینی دوو ماتۆڕسکیل دەستگیرکردووە و دانایانناوە بە تاوانەکەیاندا.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، لەڕێی هێڵی گەرمی بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران ئاگادارکراینەوە کە وا دوو ماتۆڕسکیل دزراون لە چەند شوێن و کاتی جیاواز لە سەنتەری شاری سۆران لە شەوی 18/4/2025.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سۆران دوای گەڕان و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە، توانرا تۆمەتباران بناسرێن و دەستگیربکرێن بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی، بەناوەکانی ( ی. ر .ط ) و ( ع. ا.ف ) و ( ا. ص. ف ).
دەشڵێت، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، راگیراون.