ئەندازیارێکی سەرپەرشتیار لە شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، “مانگێک و 10 رۆژی دیکە شەقامی سەرەکیی پرۆژەی تۆفیق وەهبی دەکرێتەوە”.
توانا محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە شارەوانیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئێستا لە قۆناغی دووەمی پرۆژەی یەکتربڕی تۆفیق وەهبیداین، کە بریتییە لە دروستکردنی ئەندەرپاسەکە ئەویش کاری باشی تێداکراوە”.
وتیشی، “پلانمان بەو جۆرە نەبوو لەگەڵ قۆناغی دووەم قۆناغی سێیەمیش دەستپێبکات، بەڵام دەستیپێکردووە کە ئەویش دروستکردنی ئەو شەقامانەیە دەچنەوە ناو ئەندەرپاسەکە”.
توانا محەمەد، باسی لەوەشکرد، “زیاتر لە 20%ی کارەکانی پرۆژەکە تەواوبوون و مانگێک و 10 رۆژی دیکە ئەگەر هیج گرفتێک نەیەتە پێشەوە شەقامی سەرەکیی پرۆژەکە بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە”.