بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی رایگەیاند، ” پێویستە سایلۆكان ئامادەکاریی تەواو بۆ وەرگرتنی گەنم بكەن”.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،” ئەمڕۆ یەكشەممە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و بەڕێوەبەری بازرگانیی ناوخۆ و ستافێكی شارەزا لە بازرگانیی گشتی كۆبوونەوەی ئامادەكاریان بۆ وەرزی بە بازاڕكردنی دانەوێڵەی ئەمساڵ لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی سایلۆکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا”.
بەپێی راگەیەندراوەکە، “بریکاری وەزارەت سەرجەم ئەو رێنماییانەی باسكرد كە پێویستە سایلۆكان ئامادەکاریی تەواو بۆ وەرگرتنی گەنم بكەن”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەڕێوەبەری سایلۆکان هەریەكەو باسیان لە ئامادەکاری و كێشەو گرفتەكانیان كرد، هەروەها ئاماژەیان بە دابینکردنی پێداویستیی زیاتر لەڕووی لۆجستیەوە کرد بۆ ئەوەی لە کاتی وەرگرتنی گەنم لە بەرژەوەندیی جووتیاران ئاسانکاریی زیاتر بکرێت”.