پزیشکێک رایگەیاند، ” ئەگەری گواستنەوەی تای خوێنبەربوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەیە”.
عەباس خالید، پزیشکی ڤێتێرنەری لە شاری کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “هۆکاری سەرەکیی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون گەنەیە بەتایبەت بۆ ئاژەڵ، خاوەن ئاژەڵ، قەساب و پزیشکانی ڤێتێرنەری، دەبێت خاوەن ئاژەڵان زۆر وریابن و بەبەردەوامی دەرمانی دژە گەنە و مشەخۆرەکان بۆ ئاژەڵەکانیان بەکاربهێنن”.
دەشڵێت، “پێویستە هاوڵاتییان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە ئاگاداری بەرهەمە شیرەمەنییەکان بن نابێت شیر بە خاوی بەکاربهێنن، بەڵکو دەبێت بکوڵێندرێت هەروەها دەبێت ئاگاداری ئەو ماستانە بن کە ناوخۆیین، چونکە ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکەیان هەیە”.
ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد، “دەبێت بە دەستکێشەوە مامەڵە لەگەڵ گۆشت و خوێندا بکرێت، چونکە ترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکەی هەیە، دەبێت هاوڵاتییان ئەو گۆشتەی کە دەیكڕن دڵنیابن لەوەی مۆری قەسابخانەی کەرکوکی پێوەیە”.
عەباس خالید، پزیشکی ڤێتێرنەری، ئەوەشی وت، “تای خوێنبەربوون ئەگەری گواستنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەیە بەتایبەت لەڕێگەی شلەمەنییەکانی لەشەوە و هەروەها لەڕێگەی هەناسەدانەوە، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر”.