ئاگر لە ماڵێکى سۆران کەوتەوە و بەهۆیەوە ئەندامانى خێزانەکە سووتان کە برینى سیانیان کاریگەرە.
رووداوەکە شەوى رابردوو لە کاتى نەوت کردنە زۆپاوە لە ماڵى هاوڵاتییەک لە گەڕەکى قەندیلى قەزاى ناوەندى سۆران روویداوە.
بەرگریی شارستانیی سۆران بڵاویکردەوە، دواى رووداوەکە تیمەکانیان بە هاوکاریى تیمەکانى دیانا و رەواندز گەیشتنە شوێنى رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.
بەپێى فەرمانگەکە، سێ لە ئەندامانى خێزانەکە کە لە دایک و دوو منداڵى پێکدێن رێژەى سووتاوییەکەیان زۆرە و رەوانەى نەخۆشخانەى هەولێر کراون.
ئاماژەى بەوەشدا، لەکاتی رزگارکردنی ئەندامانی خێزانەکەی، باوکى منداڵەکان بە سووکى بریندار بووە.