بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون چوار قەسابخانە داخران

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکوک رایدەگەیەنێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ، بەتایبەتیش نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، لە هەڵمەتێکدا چوار قەسابخانە داخران.

ئارجان محەمەد رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکوک رایگەیاند، ئەم هەڵمەتە لەلایەن تیمەکانی کۆنترۆڵی تەندروستییەوە، بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێکرا، لەنێویاندا قائیمقامیەت، شارەوانی و لیژنەی سەرپێچییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لەماوەی هەڵمەتەکەدا، دەست بەسەر 20 سەر مەڕ و 350 کیلۆ گۆشتی نەشیاو بۆ خواردندا گیراوە، ئەمە جگە لە داخستنی چوار قەسابخانە، بەهۆی پابەندنەبوون بە پێوەرە تەندروستییە پێویستەکان”.

وتیشی، لە هەڵمەتەکەدا دوکانداران و بەتایبەتیش قەسابخانەکان رێنمایی دەکرێن بۆ شێوازی خۆپاراستن لەو نەخۆشییانەی لە ئاژەڵانەوە دەگوێزرێنەوە، هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی سەرجەم شوێنەکان پابەنددەبن بە خۆپاراستن لەو نەخۆشییانە، بەتایبەتیش تای خوێنبەربوون.

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێکى رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، %40ـی ئەو كەسانەی توشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.

ئەو نیشانانەی کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم، چاو و گوێ، هەروەها تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار، کۆما، هێڵنج، لەکارکەوتنی گورچیلە یان جگەر، کێشەی هەناسەدان).

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دڵشاد عومەر: چەند بنکەیەک بەمەبەستی ئەنجامدانی خولی بێبەرامبەری بەهێزکردن بۆ خوێندکاران دەکەینەوە

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا چەند زانیارییەکی لەبارەی تاقیکردنەوەکان و خولی بەهێزکردن ئاشکرا…
Total
0
Share