لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەوە دڵنیایی دەدرێت

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە بودجەی 2025ـدا، مووچەی فەرمانبەران پارێزراو دەبێت و لەکاتی خۆیدا دەدرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە بودجەی 2025ـدا ئەولەویەت بە بەردەوامیی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دراوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی جوتیاران و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی حکومەت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گۆڕانکارییەی لە نرخی نەوتدا روویداوە، نابێتەهۆی شێواندنی پلانی حکومەت بۆ بودجەی 2025 و مووچەی مووچەخۆران زامنکراوە.

بودجەی فیدراڵیی “سێ ساڵە”، لە ساڵی 2023 بۆ ساڵانی 2023، 2024، و 2025 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لای خۆیەوە خشتەی بودجە بۆ هەر ساڵێک پەسەندبکات، لەئێستاشدا، خشتەی بودجەی ساڵی 2025 هێشتا لای ئەنجومەنی وەزیرانە و لە هەموارکردنەوەدایە.

پێشبینیدەکرێت، کۆی بودجەی ساڵی 2025 بگاتە 200 تریلیۆن دینار، بە وتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، دوو لەسەر سێی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی تەرخاندەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share