ئەنجومەنی نوێنەران پاکێجێکی یاسایی پەسەنددەکات کە بریتییە لە زیادکردنی شایستەی دارایی، نوێکردنەوەی گرێبەست و پێدانی زەویی نیشتەجێبوون بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنەکە یاسایەکی لە بەرژەوەندیی مامۆستایان و کارمەندانی وەزارەتی پەروردە پەسەندکردووە.
پرۆژەیاسا پەسەندکراوەکە ئەم بڕگانەی لەخۆگرتووە:
1- زیادکردنی دەرماڵەی پیشەیی بۆ مامۆستایان و راهێنەرانی پەروەردەیی، لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 300 هەزار دینار بۆ هەر مانگێک.
2- دووهێندەکردنی خزمەتگوزاری لە ناوچە گوندنشینەکان، بە ئامانجی هاندانی مامۆستایان و کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان لە ناوچە دوورەدەستەکان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان.
3- دامەزراندنی وانەبێژانی ساڵی 2020 بە شێوەی گرێبەست.
4- خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەروەردەی ساڵی 2024 بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانیان.
5- دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە بەغداد و پارێزگاکان.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە بکەن، ئەمەش بە پێی ئەو میکانیزم و رێکارانەی کە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە رادەگەیەندرێن.
رۆژی 8/4/2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا ئەم بڕیارانەی دا و دواتر ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد.