بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەرکی خۆیان بەرامبەر کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان جێبەجێبکەن و لە هەموو رووەکانەوە قەرەبوویان بکەنەوە.
لە ساڵرۆژی تاوانی ئەنفالدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ خەمەوە یادی 37 ساڵەی کارەساتی ئەنفال دەکەینەوە کە یەکێکە لە سامناکترین و دڕندانەترین مەرامەکانی رژێمی پێشووی عیراق بۆ سڕینەوەی گەلی کورد.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەرکی خۆیان بەرامبەر کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان جێبەجێبکەن و لە هەموو رووەکانەوە قەرەبوویان بکەنەوە، چونکە ئەرکی سەرشانی هەموولایەکە گوێ لە داواکارییە رەواکانیان بگرن و جێبەجێیان بکەن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسیلەوەکرد، ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەیکەین تاوەکو ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابینبکەین و بەڵێن دەدەین رۆڵەیەکی بە وەفا دەبین بۆیان، چونکە ئازاری ئەوان، ئازاری ئێمەشە.
جەختیشیکردەوە، هەوڵەکانمان لە پرۆسهى گهڕان بهدواى رووفاتى شههيدان و گێڕانهوهيان بۆ نیشتمان بەردەوامە تاوەکو کەمێک برینی قوڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان ساڕێژبێت کە برینی سەر دڵی هەموومانە.
لە کۆتایی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە، لەم یادە بە ئازارەدا جەخت لە یەکڕیزیی و پێکەوەیی هەموو لایەنەکان دەکەینەوە تاوەکو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و بگەینە ئامانجەکانمان کە سەرەکیترینیان خزمەتکردنی هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە.