بەرپرسێكی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر دۆخی تەندروستی باش بێت و نەوەی نوێی كۆرۆنا نەگاتە كوردستان، ئەوا ئەگەری هەیە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگاكاندا پێشبكەوێت.
مامۆستا عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، وەك پەروەردە هەموو هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام و لەئێستاشدا پۆلی 12 لە خوێندنگاكانیاندان و دەوام دەكەن.
وتیشی، “بەڵام كردنەوەی خوێندنگاكان بەتەنها لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدا نییە، بەڵكو لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادایە و لە هەمووشی گرنگتر ڕاپۆرتەكەی وەزیری تەندروستی-یە”.
دەربارەی ئەوەی ئایا ئەگەر هەیە پێش 1ی ئازار پڕۆسەی خوێندن لە خوێندنگاكاندا بۆ قۆناغەكانی دیكە دەستپێبكاتەوە، لەكاتێكدا توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كەمیكردووە، مامۆستا عومەر وتی، “لیژنەی باڵا لە 2ی شوبات كۆدەبێتەوە و ئەگەر دۆخەكە باش بێت و نەوەی نوێی ڤایرۆسەكە نەگاتە كوردستان و وەزیری تەندروستی پێی باش بێت ئەوا ئەگەری هەیە بڕیارەكان لە قازانجی خوێندكاران بدەن و پێش ئەو كاتە خوێندن دەستپێبكرێتەوە”.
سەبارەت بە ئەگەری ئەژمارنەكردنی ئەمساڵی خوێندن لەلایەن یونسكۆوە، جێگری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، تا ئەم ساتە لەو بڕوایەدان كە نابێت بهێڵن ئەمساڵی خوێندن بفەوتێت، ئەمە پێشنیاری وەزارەتی پەروەردەیە و كاری لەسەر دەكەن، بەڵام ئەگەر لە 1ی ئازار نەتوانرا خوێندن دەستپێبكرێتەوە، وەك ئەنجومەنی وەزارەت كۆدەبێتەوە بۆ گەڵاڵەكردنی پێشنیارەكان و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردەدات چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە بدۆزێتەوە.
وتەكانی بەرپرسەكەی پەروەردە لە پەراوێزی بەشداریكردنیدابوو لە چالاكییەكی تایبەت بە ڕۆژی جیهانی فێركردن، كە لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە 24ی كانونی دووەمی بۆ تەرخانكراوە و چالاكییەكانی ئەمساڵی بۆنەكەش لەسەر ئاستی جیهان لەژێر ناونیشانی “گەشەپێدان و ژیانەوەی نەوەیەك كە دەناڵێنێت بەدەست كۆڤید-19ەوە” دەبێت.