مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بکات دەبێت گەرەنتی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت.
لەدوای گەڕانەوەی بۆ عێراق مستەفا کازمی لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، “لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەم بڕیارمدا عێراق جێبهێڵم کە ئەمەش پاڵنەر و هۆکاری تایبەتی خۆی هەبوو، لەرووی کەسییەوە پێویستم بە پشوو هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام چاودێریی دۆخەکەم کردووە و هەڵسەنگاندنم بۆ کردووە، دواتر گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانی عەرەبی زیاتر هانیدام جارێکی دیکە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا دەست بەکارکردن بکەمەوە.
وتیشی، قسەکردن لەبارەی بەشداریم لە هەڵبژاردنەکان و دروستکردنی هاوپەیمانێتی بۆ کاتی گونجاو هەڵدەگرین، بژاردەی جۆراوجۆرمان لەبەردەستدایە، بەڵام ئەگەر بڕیارماندا بەشداری بکەین پێویستە گەرەنتی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردبکرێت، هەموو لایەنەکانیش بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.