هیندستان ناوەندێکی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و سبەی بە شێوەیەکی رەسمی لە شاری هەولێر ئۆفیسەکەی دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان کەمال موسلیم وەزیری بازرگانیی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مادان گۆپاڵ باڵیۆزی هیندستان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانییان ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەدا، ئەوە خرایەڕوو، هەموو کات کارئاسانی بۆ دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکەدا دەکرێت، لە نێویشیاندا هیندستان.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەی لە شاری هەولێر بە رەسمی ئۆفیسی سەنتەری بازرگانی هیندستان بۆ کوردستان دەکرێتەوە کە لەماوەی رابردوودا مۆڵەتی لە وەزارەت وەرگرتووە.