راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023-2025، هەڵاوسانی بازاڕی نەوت لەبەرچاوگیراوە و دابەزینی نرخی نەوتیش لە جیهاندا، کاریگەریی لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق نابێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر هەیە نرخی نەوت لە جیهاندا دابەزینێکی بێوێنە بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەم دابەزینە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هۆکاری ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و، کراوەیی ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، لەلایەک و سەپاندنی باج لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر بازاڕە جیاجیاکاندا، لە لایەکی دیکەوە، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر گرێبەست و بازاڕەکانی نەوت هەبووە.
وتیشی، “پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی، دەکرێت ببێتەهۆی شۆکێکی ئابوریی جیهانی، کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی خواستی وزە، بەتایبەتی لەگەڵ دابەزینی 1%ی رێژەی گەشەی جیهانی و دابەزینی 0.5%ی خواست لەسەر نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا”.