شێخ عەتا محەمەد جێگری سەرۆکی گشتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی شمەک لە هەرێم نابێت.
شێخ عەتا محەمەد بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەمریکا مامەڵە بازرگانییەکان بەشێوەیەک زۆر و چڕ نییە، کە بڕیار و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە بتوانێت کاریگەریمان لەسەر دروستبکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگ لەلایەن ئەمریکاوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی شمەک و کاڵاکان لە هەرێم و عێراق دروست ناکات و هیچ شتێک نییە بێتە مایەی دڵەڕاوکێ لەوبارەیەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی باسلەوەدەکەن کە بڕیارەکە نرخی ئۆتۆمبێل بەرزدەکاتەوە، بەو شێوەیە نییە، چونکە راستە ئێمە هەندێک جۆری ئۆتۆمبێلمان لە ئەمریکاوە بۆ دێت، بەڵام دەتوانین لە وڵاتانی دیکەشەوە هاوردەی بکەین و هیچ کاریگەریی لەسەر نرخەکەی نەبێت.