بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشکرایدەکات، ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە و لە ماوەیەکی کەمدا توانراوە کۆنتڕۆڵبکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “کاتژمێر 12:28 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن ژووری بزوێنی بەڕێوبەرایەتیمان ئاگادارکراینەوە لە بوونی ئاگرێک لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت دەستبەجێ تیمی بنکەی رزگاری پاش چوار خولەک گەیشتە شوێنی رووداوەکە و دواتر هەریەکە لە تیمەکانی (شەهید نەریمان، شۆڕش، ڕزگارکردن رۆژهەڵات و رۆژئاوا) بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیی بەدواوە نەبوو، هاوکات توانرا بەشێکی زۆر لەو نەخۆشانەی لەنێو نەخۆشخانەکەدا بوون بە سەلامەتی بۆ جێگای ئارام و بگوازرێنەوە و لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە چارەسەرییان بۆ بکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەرگریی شارستانیی دەڵێت، “سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین و تا ئێستا هۆکارەکەی نەزاندراوە”.