چەند رێنماییەکی نوێ لە بانکی ناوەندییەوە بۆ بەکارهێنەرانی کارتی ئەلیکترۆنی

بانكی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سبەی سێشەممەوە، بەكارهێنانی كارتی ئەلیكترۆنیی بانكی لە دەرەوەی وڵات و بەپێی رێنمایی نوێ دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی ئەمڕ‌ۆ نوێترین رێنمایی تایبەت بە بەكارهێنانی كارتی ئەلیكترۆنیی بانكی لە دەرەوەی وڵات بڵاوكردەوە و لە سبەینێوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دەشڵێت، ئەو بڕ‌ە پارانەی بەكارهێنەرانی ئەو كارتانە بە هەردوو جۆری ( credit card , debit card ) دەتوانن بۆ مامەڵەكانیان لەگەڵ دەرەوەی وڵات سوودی لێوەربگرن و لە مانگێكدا لەنێوان (پێنج هەزار بۆ 50 هەزار دۆلارە) بە نرخی رەسمیی دۆلار یان هاوتاكەی بە دراوی بیانی، بەپێی تایبەتمەندیی خاوەن كارتەكان لە خانەنشینان، بازرگانان، گەشتیاران، یان جۆری بەكارهێنانەكە (چارەسەری نەخۆشی، گەشتوگوزار و هاوردەكردن) وەردەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر بەپێی ئەم رێنماییە، بانكی ناوەندی جەختیکردووەتەوە كە وەك پێشتر بەردەوام دەبێت لە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی رەسمی، كە بێگومان ئەم رێكارانە ئەگەر بەردەوامبن، پاڵپشتییەكی باشن بۆ بەهێزكردنی نرخی ئاڵوگۆڕ‌ی دینار بەرامبەر بە دۆلار و ئامانجی سیاسەتی نەختینە بۆ نزم هێشتنەوەی رێژەی هەڵئاوسانی نرخەكان لە ناوخۆدا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share