وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، ” پێشبینیدەکەین دۆزینەوەی تەرمی کچەخنکاوەکەی مێرگەسوور 10 بۆ 15 رۆژ بخایەنێت”.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی کچەخنکاوەکەی سنووری قەزای مێرگەسوور بەبەشداریی 9 تیمی بەرێوەبەرایەتیمان و 150 ئەفسەر و کارمەند بەردەوامبوو”.
وتیشی، “بەهۆی بەخوڕی و لێڵی و بەرزیی ئاستی ئاوەکە پێشبینیدەکەین دۆزینەوەی تەرمەکە 10 بۆ 15 رۆژ بخایەنێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە یەکەم حاڵەتی لەمجۆرەیە ئەمساڵ لە سنووری سۆران رووبدات و ساڵی رابردوو حەوت حاڵەتی خنکان تۆماکراوە”.
دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران بڵاویکردەوە، “کچێکی تەمەن 27 ساڵ بە ناوی ئاڤێستا یوسف کە پیشەی مامۆستا بووە لە سنووری قەزای مێرگەسوور کەوتووەتە ناو رووبار و خنکاوە”.