یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان – لقی گەرمیان هۆشداریدەدات لە دیاردەی هەڵگرتنی چەقۆ لەلایەن گەنجانەوە و چەند خاڵێکیش بۆ چارەسەری کێشەکە دەخاتەروو.
یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان – لقی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ لە شاری کەلار، پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریی کۆمەڵێک لە زانایانی ئاینی و پسپۆڕی دەرونی، چەند خاڵێکیان بە چارەسەر زانی بۆ دیاردەی هەڵگرتنی چەقۆ لەلایەن گەنجانەوە.
دەشڵێت، ماوەیەکە لە سنوری قەزای کەلار ئەم حاڵەتانە روودەدەن و زۆرێک لە کێشەکان، دەرهاویشتەی نادادی، مووچە دواکەوتن، بێکاری، بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و زۆری تریشن، بەڵام بۆ ئێستا، ئەم خاڵانە چارەسەرێکی جدی، ئانی و ناوچەیین، بەهیوای ئەوەی بۆچوونەکانی ئێمەش ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردن.
ئەو چارەسەرانەی یەکێتیی زانایان خستوویەتیەروو بۆ ئەم حاڵەتانە، ئەمانەی خوارەوەن:
– سزای توند بۆ هەڵگرتنی چەقۆ و ئامێرە بریندارکەرەکان و شەڕکەران دابنرێت، دادگاکانیش کارئاسانی نەکەن بۆ ئازادکردنیان وەک کەفالەت و هەر ئاسانکارییەکی تر.
– لایەنە ئەمنییەکان چاودێریی زیاتر بخەنە سەر بازاڕ و فرۆشگاکان، و فرۆشتنی ئەو جۆرە کەرەستانە قەدەغەبکرێت کە بریندارکەرن و بۆ شەر بەکاردێن لەلایەن هەرزەکارانەوە.
– پیاوماقوڵ و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان وەک رێکارێکی چارەسەر کەمتر تەکلیف لە کەسوکاری قوربانییان بکەن بۆ لێخۆشبوون لە تاوانباران.
– کەناڵەکانی راگەیاندن لە سنورەکەماندا بەوپەڕی وریاییەوە کار لەسەر رووماڵکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتن بکەن، بەشێوەیەک ببێتە هۆکاری ئاساییبوونەوە و نەمانی حاڵەتی کوشتن.
– بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف لە گەرمیان بە رێنمایی کارگێڕی، چەند وتارێکی هەینی تایبەتبکات بە بابەتی پەروەردەی منداڵ و مەترسییەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان و قێزەونکردنی تاوانی کوشتن.
– رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و پەروەردەکاران بێنە سەرخەت بە ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی گشتی، بەتایبەت مەترسییەکانی ئەم بوارە.
ئەم هۆشدارییەی یەکێتیی زانایان پاش ئەوە دێت، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە گەرمیان دوو گەنج بە چەقۆ کوژراون.