وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، رایدەگەیەنێت، “هەرێمی کوردستان لە شەوێکدا توانای لە خۆگرتنی 100 هەزار گەشتیاری هەیە”.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان لە شەوێکدا توانای لە خۆگرتنی 100 هەزار گەشتیاری هەیە و بە بڕیار لە رۆژانی جەژندا دەبێت سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان کراوەبن و لە پێشوازیی گەشتیاراندا بن”.
وتیشی،”سێ هەزار و 100 شوێن و بنکە و کۆمپانیای گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا هەن، لەو ژمارەیە نزیکەی هەزاریان خواردنگە و چێشتخانەن و 480 هۆتێل و 280 مۆتێل و هەروەها زیاتر لە 500یان کۆمپانیای گەشتیارین”.
باسی لەوەشکرد، “لە پێنج ساڵدا بە سەرمایەی حەوت ملیار و 509 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتوگوزاردا کراوە، تەنیا لە ساڵی 2024دا 28 پرۆژەی گەورەی گەشتیاری بە سەرمایەی 322 ملیۆن دۆلار لە تەواوی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون”.