ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەی میانمار گیانیان لەدەستدا گەیشتە 694 کەس، هەزار و 670 کەسیش برینداربوون.
گوڕی بومەلەرزەکە 7.7 پلەبوو کە ناوەڕاستی میانماری هەژاند، بەپێی ئاماری دامەزراوەی جیۆلۆجیی ئەمریکی، ناوەندی بومەلەرزەکە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری ساگاینگ، بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر.
دامەزراوەکە دەڵێت، دوای 12 خولەک لە یەکەم بومەلەرزە، جارێکی دیکە بومەلەرزەیەک لە میانمار روویداوە کە گوڕەکەی 6.4 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
وەک بەرپرسانی وڵاتەکە باسیدەکەن، بومەلەرزەکە بووەتە هۆی خراپبوونی هێڵەکانی پەیوەندی و کارەبا، هەروەها زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئابوریی وڵاتەکە گەیشتووە لەگەڵ خاپوربوونی چەندین باڵەخانە کە هێشتا زیانە ماددییەکان بە دیاریکراوی نەخەمڵێندراون.
بەرپرسێکی میانمار رایدەگەیەنێت، یەکێک لە نەخۆشخانە سەرەکییەکانی نایپیداوی پایتەخت بووەتە ناوچەی قوربانیی بەکۆمەڵ دوای بومەلەرزەکە.
میانمار لەگەڵ ئەوەی لەسەر هێڵی بومەلەرزە نییە، بومەلەرزەی زۆری تێدا روودەدات، لەنێوان ساڵانی 1930 تاوەکو 1956، شەش بومەرلەرزە بەگوڕی 7 پلە یان زیاتر وڵاتەکەیان هەژاندووە، دواینیان بومەلەرزەیەک بوو لە ساڵی 2016 کە بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر ناوچەیەکی گەشتیاریی پایتەختی وڵاتەکەی هەژاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس.