روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بابەتێکی لەبارەی خەرجکردنی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژەی تێکەڵاو بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، بڕەپارەکە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم خەرجکراوە، بەڵام لەراستیدا لە هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە.

وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، “لەچەند ڕۆژی رابردوودا پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بەناوی (وەزیرە ئەحمەد سورچی) بابەتێکی لەسەر خەرجکردنی پارەی هەڵمەتی کوتانی سورێژەی تێکەڵاو لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە بە بڕی ملیارێک و 75 ملیۆن و 926 هەزار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو بڕە پارەیە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم خەرجکراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی پێویستمان داوە، بەڵام لە پێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان و بەلاڕێدا نەبردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

1- ئاماژە بەنووسراوی ژمارە (190677) کە لە (2024/10/8) لە فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە، بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو (المناقلە) بەبڕی نۆ ملیار و 90 ملیۆن و 765 هەزار دینار لە نێوان (موازنة ألأبواب) (40/9/5) لە فەرمانگەی بودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لە سەرتاسەری عێراق.

2- پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە ملیارێک و 78 ملیۆن و 294 هەزار دینار، کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە، لەوانە (پاداشتی تیمەکان، کرێی هاتوچۆ و خەرجیی هاتوچۆ).

3- پێویستە ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی بەئاگابێنەوە تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتمان، دوای بەدواداچوونی بەردەوامی تیمی تەکنیکیمان لە بەغداد، لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراقەوە پێیان راگەیەندراوە کە ئەو پارەیە، لەسەر بودجەی ساڵی 2025 خەرجدەکرێت.

4- وەک وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، دوپاتی دەکەینەوە لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغدادەوە، راستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی تەندروستی تا بەسەر تیمەکان دابەشبکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری دەشڵێت، “بەبیر ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەکانی دەهێنینەوە، لە بری درۆی شاخدار و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، باشتر بوو بەشێوەیەکی پیشەییانە بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەکە بكردایە و لەگەڵ نوێنەرانی تری کورد لە بەغداد، فشاریان بۆ خەرجکردنی ئەو شایستانە بکردایە، کە ماوەیەکی زۆرە دواکەتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاتوچۆی سلێمانی: کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەویی هاتوچۆ لانەبراون

هاتوچۆی سلێمانی، رایگەیاند، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەویی هاتوچۆ لێنەکراونەتەوە”. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “چەند رۆژێکە دەنگۆ و…
Total
0
Share