بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەو كەسەیان دەستگیركرد كە ماڵەكەی خۆیانی سووتاندووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە كە لە گەڕەكی هەولێری نوێ لە رووداوێكی سووتان و هەڵكوتانە سەر ماڵێك، دەستبەجێ تیمەكانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بە وتەی خاوەن ماڵەكە، كەسێك هاتووەتە سەر ماڵیان و دزی لێكردوون و لە ئافرەتی ماڵەكەی داوە و دواتر ماڵەكەی سووتاندووە و دای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، بۆمان دەركەوت كە تۆمەتبار كوڕی ماڵەكەیە و دوای ئەوەی ماڵەكەی سووتاندووە و لە دایكی داوە و ملوانكەی زێڕی ملی دایكی پچڕاندووە و دزیویەتی.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دواتر لە كۆڵانی خۆیان داوای هاوكاریی كردووە كە ماڵەكەیان سووتاوە، بۆئەوەی تاوانەكەی بشارێتەوە، بەڵام لە ماوەی كەمتر لە چەند كاتژمێرێكدا تۆمەتبار ئاشكراكرا لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەی لێكۆڵینەوە دەستگیركراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە و دانیشی بە تاوانەكەیدا ناوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەش بەردەوامە.