وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی هۆكاری دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ئاشكرادەكات و دەشڵێت، ” تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە بەهای 100 دۆلار لە نێوان 145 هەزار بۆ 146 هەزار دیناردا جێگیربێت”.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ئێستادا بانكەكان دۆلارێكی زیاتریان خستووەتە بازاڕەوە و بۆ دابینكردنی مووچە بانكی ناوەندیی عێراق پێویستی بە دینار هەیە و بڕێكی زۆر دۆلار خراوەتە بازاڕەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، چاوەڕواندەكرێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەكاندا لە نێوان 145 هەزار بۆ 146 هەزار دیناردا جێگیربێت.
وتیشی، “پڕۆسەی حەوڵەی دەرەكی خێراتربووە و ئەوەش هۆكارێكی دیكە بووە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی كە بازرگانەكان دۆلار لەناو بازاڕی دراودا ناكڕن و خواست لەسەری كەمبووەتەوە”.