سەرۆكی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە هۆشداری دەدات و دەڵێت، “فریایی نەكەوین نرخەكەی لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت”.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر گواستییەوە، رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆكی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر رایگەیاند، “بەهۆی راگرتنی هاوردەكردنی تەماتەی ئێران و تەواوبوونی وەرزی تەماتەی بەسڕە كێشە بۆ پڕكردنەوە خواستی هاوڵاتیان لەسەر تەماتە دروستبووە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا خواست لەسەر تەماتە زۆربووە و بەرهەمی ناوخۆش ئەو خواستە پڕناكاتەوە، بۆ ئەمڕۆ نرخی یەك كیلۆ تاماتە گەیشتووەتە هەزار و 100 دینار و ئەگەر بەم شێوەیەش بێت لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت”.
ئەوەشیخستەڕوو، “ئەگەر بەم شێوەیە بێت و ئەم كێشەیە لە ئێستادا چارەسەریی بۆ نەدۆزرێتەوە، پێشبینی دەكەین نرخی یەك كیلۆ تەماتە بۆ جەژن بگاتە پێنج هەزار دینار”.