چەند پزیشکێک نهێنیی نوێ لەبارەی گیانلەدەستدانی دیێگۆ مارادۆنا، ئەفسانەی تۆپی پێ ئاشکرادەکەن و دەڵێن، ئەو ژوورەی تێیدا گیانیلەدەستداوە، لەڕادەبەدەر پیس بووە.
د. کۆڵین کامپبێل، یەکێک بوو لە شایەتحاڵەکانی مردنی مارادۆنا، کە هاوکات دراوسێی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکەش بووە، رۆژی گیانلەدەستدانی مارادۆنا، یەکەم کەس بووە کە گەیشتووەتە ماڵەکەی، دواجار وەک شایەتحاڵێک لەبەردەم دادوەرەکانی دادگای تاوانەکانی سێیەمی سان ئیسیدرۆ ئامادەبوو و رووداوەکانی ئەو رۆژەی بە تەواوی گێڕایەوە.
پزیشکەکە دەڵێت، “ئەو رۆژەی رووداوەکە روویدا، پاسەوانی گەڕەکەکە تەلەفۆنی بۆ کردم، لە کاتژمێر 12:26، خەریکی خۆئامادەکردن بووم بۆ دەوام، پێیان وتم کە مارادۆنا گیانیلەدەستداوە و پێشتر پەیوەندییان بە ئەمبولانسەوە کردووە، دەستبەجێ بە ئۆتۆمبێلەکەم چوومە ماڵەکە، نزیکەی 50 مەتر دوور بووم”.
دەشڵێت، کاتێک گەیشتووەتە ئەو ژوورەی مارادۆنا تێیدا چارەسەری وەردەگرت، بینیویەتی ژوورەکە زۆر “پیس و نەگونجاو” بووە بۆ کەسێک کە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.
کامپبێل وتیشی، سەیری دەوروبەرم کرد، هیچ شتێک نەبوو کە یارمەتیدەر بێت لە زیندووکردنەوەی نەخۆشێک، نە ئۆکسجین، نە بۆریی ئۆکسجین، نە هیچ پێداویستییەکی گرنگ بۆ حاڵەتی لەناکاوی نەخۆش.
دیێگۆ مارادۆنا لە 25/11/2020، لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئەوکات ئەو لەژێر چارەسەری چاکبوونەوە لە جەڵتەی مێشکدا بوو، ئەمەش پاش ماوەیەکی زۆر لە ململانێی خووگرتن بەکۆکایین و کهول، کە ببوونەهۆی سەرهەڵدانی کێشە لە گورچیلە، دڵ و مێشکی ئەو یاریزانەدا.
حەوت کەس بە تاوانی “کوشتنی بە ئەنقەست بە کەمتەرخەمی”ـی مارادۆنا دادگایی دەکرێن، کە لەناویاندا پزیشک، پسپۆڕێکی دەروونناسی و پەرستارێک هەیە؛ پاتریزیۆ فێراری، داواکاری گشتی لە بەیاننامە سەرەتاییەکەیدا لە دادگا، رووداوەکەی بە “کوشتن” وەسفکردووە و رایگەیاندووە، هیچ ئەندامێکی تیمی پزیشکی ئەو کارەی نەکردووە کە پێویستبوو لەسەریان بیکەن.
لای خۆیشیانەوە، تۆمەتباران رەتیدەکەنەوە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە مردنەکەدا هەبێت.