کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، “ئەمڕۆ و سبەینێ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفردەبارێت”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئەنجامی بەردەوامیی کاریگەریی نزمە پەستانی رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەراست بۆ سەر ناوچەکەمان ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ نمەباران لە تەواوی ناوچە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێم کە لەناوچە بەرزەکان بەفریش دەبارێت”.
دەشڵێت، “لەکاتەکانی دواینیوەڕۆ ئاسمان دەگۆرێت بۆ هەورە تریشقە و بروسکە کە هەردوو سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجەش دەگرێتەوە، ئەگەری توزێکی سووک هەیە زیاتر لەناوچەکانی باشووری رۆژئاوای هەرێم، لەکاتەکانی شەو کەشەکە تاوەکو کاتەکانی بەیانیی هەینی تاڕادەیەک سەقامگیر دەبێتەوە، پلەی گەرمی بە نزیکەی (4 – 6) پلەى سیلیزى، بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ نزمدەبێتەوە”.
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە، کەشناسیی هەرێم دەڵێت، “سبەی هەینی ئاسمان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ دابارین لەزۆربەی ناوچەکانی بادینان وە پارێزگای دهوک بەشێوەی نمەبارانی کەم کەم دەستپێدەکات لەگەڵ کەمێک بەفربارین لەناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور پاشان بۆ کاتەکانی نیوەرۆ کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای سلێمانی و لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمیش بەشێوەى پچڕپچڕ دەبارێت پاشان کاریگەری لاواز دەبێت تەنها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نەبێت بەفربارینی کەم کەم بەردەوامی دەبێت بۆکاتەکانی درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە، پێشبینیدەکرێت بۆ کاتەکانی نیوەڕۆی دووەم رۆژی نەورۆز بەردەوامی ببێت پاشان کەشی هەرێم بەتەواوی سەقامگیر دەبێتەوە”.
بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر :19 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 17 پلەی سیلیزی
دهۆک : 15 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی
سۆران : 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان :21 پلەی سیلیزی