محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی بۆ بواری كارەبا دەركرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سودانی لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی كارەبای حكومەتی عێراق، چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی كارەباوە دەركرد، لەوانە، دانان و جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەك لە سێكتەری كارەبادا.
ئاماژەی بەوەشداوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ وەرزی هاوین سودانی بڕیاریداوە ژمارەیەك پڕۆژەی كارەبایی لە شارەكانی عێراقدا جێبەجێبكرێن لەوانە، نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا لە پاریزگاكانی عێراقدا، دانانی چەند محاویلە و وێستگەیەكی كارەبا لە شارەكاندا و هەروەها درێژكردنەوە و زیادكردنی فیدەرە كارەباییەكان تا توانای دابینكردنی كارەبایان فراوانتربێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بڕیاردراوە 323 وێستگەی كارەبا دروستبكرێت و بەشێكیش لەوانەی كەموكورتییان تێدایە نۆژەندەكرێنەوە، لەگەڵ زیاتر لە هەزار و 800 فیدەری كارەبایی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، جێبەجێكردنی پڕۆژە كارەباییەكان لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی حكومەت و وەزارەتی كارەبادایە بۆ وەرزی هاوین