بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، رایگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە دەرچووە كە دادگا داوای تەوتینی مووچە دەكات.
هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق رایگەیاند، سەربەرزبووم وەكو بریكاری یاسایی سەرۆك كۆمار، داوانامەی یاساییمان لە 20ی 1ی 2025 لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد بۆ داكۆكیكردن لە مووچەی خەڵكی كوردستان و دادبینی یەكەم و دووەم تەواو بوو ، حوكمی تیا دەرچوو:
1. دادگای فیدراڵی تەوتینی مووچە داوادەكات بە گوێرەی رێنمایی بانكی مەركەزی و بانكە حكومی و ئەهلییەكان بگرێتەوە، فەرمانبەران ئازادبن لە هەڵبژاردنی بانكەكان و ئەمەش لە رێگای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقدا بكرێت.
2. دووپاتی بڕیاری پێشووی دادگای فیدراڵی كراوەتەوە لەسەر مووچە.
3. نابێت كێشەكانی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێم ببن بە هۆكاری خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەران.
دەشڵێت، “بێگومان داوای دەركردنی فەرمان سالاریمان كردبوو، دادگا بۆ ئەم بڕگەیان ،باوەری وابوو رەهەندی بەپەلەی تێدانییە و پێشتر بریاریان دەركردووە، بۆیە ئەم بڕگەی رەتكردووە، داوامانكردبوو تێچووی دەرهێنانی نەوتی كوردستان لە یاسای بودجە ماددەی 12برگەی (ج) بە نادەستووری دابنێن، بەڵام دوو هەفتە لەداواكەی ئێمە، پەرلەمان خۆی هەمواری ئەو بڕگەی كرد كە ئێمە داوامانكردبوو، بۆیە ئەو برگەیەمان كێشایەوە “.
وتيشی، “لە كۆتایيدا دووپاتیدەكەینەوە سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتیی كۆمار پشتیوانیی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم دەبێت و وەكو چەترێكی نیشتمانی داكۆكی لە مافی هەموو خەڵك دەكات و داوای یەكگرتوویی و برایەتی لە هەموو لایەك دەكات.