قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەكە لە نیكۆلۆ فۆنتایا، باڵیۆزی ئیتاڵیا و گلێن مایلز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق كۆبووەوە و لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا باس لە دوایين بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم كرا.
لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوون، قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە لێكتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەكێتی دروستبووە و لە دوایین كۆبوونەوەشدا لەسەر رەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ حكومڕانی لە هەرێم رێككەوتوون و راشیگەیاند بەپێی ئەم دۆخە ئەرێنیەی دروستبووە، پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت خێراتربووە و گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا حكومەتی داهاتووی هەرێم پێكبهێنرێت.
جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشدا هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی هاوڕان كە بەپێی ئەو دۆخەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت و هەروەها بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاوڵاتییان، پێویستە حكومەتێكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو پێبكبهێنرێت.