بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپی حکومڕانی رێککەوتوون و وەفدی هەردوولا لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە زووترین کاتدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ ماکسیم رۆبین کونسوڵی رووسیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵۆگۆڕکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپی حکومڕانی رێککەوتوون و وەفدی هەردوولا لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە زووترین کاتدا.
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “گفتوگۆکانمان بەردەوامن بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و هەوڵەکانیشمان بۆ ئەوەیە ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانییان نەکرێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان”