وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەكدا پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێكی تر بەكاربهێنرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكەكان و گەنجینەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا تیشكخرایە سەر كێشە و گرفتی هاوڵاتییان و فەرمانگەكان و بەڵێندەران و كۆمپانیاكان لەو سنوورە و جەخت لە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەكانی بەردەم بانكەكان كرایەوە و لەوبارەیەوە بڕیاردرا كە نابێت لە هیچ بانكێك كێشە و گرفت بۆ هاوڵاتییان و فەرمانگەكان و بەڵێندەران دروستبكرێت، بەپێچەوانەوە هەر كێشەیەكی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان دروستبكرێت رێوشوێنی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكەكان دەكرێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە نابێت لە هیچ بانكێك دەستكاری پارەی هاوڵاتییان ( ئەمانات ، وەدائیع و توفیر) بكرێت بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
هاوكات لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە بڕیاردرا كە بەهیچ جۆرێك نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەكدا پارەی تەرخانكراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێكی تر بەكاربهێنرێت.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی رایگەیاند، لە نزیكەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی كاروباری بانكەكان و جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەكەین و كەمتەرخەمی قبووڵ ناكەن و چاوپۆشی لە هیچ بانكێك ناكەن.