قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، “ئاماده‌كاریی ته‌واو بۆ جه‌ژنه‌كانی نه‌ورۆز و ره‌مه‌زان كراوه”.
ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بۆ یادی نه‌ورۆز چه‌ند چالاكییه‌كی هونەری و کلتوری له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ناو شاری سلێمانی ئه‌نجامده‌درێن، شوێنی چالاكییه‌كانیش بریتیده‌بن له (شه‌قامی سالم، گردی مامه‌یاره، ناو پاركی ئازادی، بناری گۆیژه)، له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاوڵاتییان و هێمنیی ره‌وشه‌كه مه‌فره‌زه‌ی هاوبه‌شی هێزه ئه‌منییه‌كان و هاتوچۆ و تیمه‌كانی ته‌ندروستی ئاماده ده‌بن و رێگه نادرێت هیچ كارێكی نایاسایی و ناشارستانی ئه‌نجامبدرێت.
باسی لەوەشکرد، “پێشبینیده‌كرێت ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌شتیار له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقه‌وه بێنه سلێمانی، له‌و رووه‌شه‌وه ئاماده‌كاری كراوه بۆئه‌وه‌ی كێشه‌ی شوێنی مانه‌وه و خواردن و پشودانیان نه‌بێت”.
پەیوەست بە كوالێتی و نرخی خواردن و پێداویستییه‌كان، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، لیژنه هاوبه‌شه‌كان گه‌ڕان و پشكنینه‌كانیان زیاتر كردووه و رێگه ناده‌ن هیچ خواردن و پێداویستییه‌كی نا ته‌ندروست به هاوڵاتییان بدرێت و رێگریش لە گرانفرۆشی دەکرێت، هه‌روه‌ك چۆن له رۆژانی مانگی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵدا به هه‌وڵی ئه‌و لیژنانه نرخی خۆراك و پێداویستییه‌كان به‌راورد به مانگی پێشتر‌و ساڵی رابردوو به‌رزنه‌بونه‌ته‌وه”.
بەپێی راگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی، وتەکانی ئاوات محەمەد لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا بووە له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان کە پەیوەست بە پلانی رۆژانی جه‌ژنی نه‌ورۆز و عارفه و جه‌ژنی ره‌مه‌زان ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچووە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، “له كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا له‌كاتی چالاكییه‌كان به‌تایبه‌ت له ئێواره‌ی نه‌ورۆزدا كه‌مترین شه‌قام به‌ڕووی ئۆتۆمبێلدا به‌ربه‌ست بكرێت، تیمه‌كانی هاتوچۆش ئاماده‌ده‌بن و له‌هه‌ر دۆخێك‌دا بڕیاری پێویست ده‌ده‌ن، تایبه‌ت به جه‌ژنی ره‌مه‌زانیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری كراوه بۆ چه‌ند رۆژێك به‌رله جه‌ژن و دروستبوونی قه‌ره‌باڵغی له بازاڕه‌كاندا، له رۆژانی جه‌ژندا له نزیك گۆڕستانه‌كان و دواتر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی ناوشار و ده‌ره‌وه‌ی شار تیمی ئه‌منی و ته‌ندروستی ئاماده‌ده‌بن بۆ رێگری له هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو”.