شارەزایەکی کەشناسی: بایەکی بەهێز بە خۆڵبارینێکی چڕەوە روو لە ناوچەکەمان دەکات

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە رۆژی پێنجشەممەوە، بەهۆی بایەکی بەهێز، خۆڵبارینێکی چڕ روو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەکات.

ئاراس جەبار لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، سبەی چوارشەممە 19/3/2024 لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی زیاتری بارستەھەوایەکی سارد بۆ سەر رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و تورکیا، بای باشور لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق چالاکتر دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانی نیوەڕۆ بەدواوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، خێرایی بایەکە لەنێوان 20-50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت، ھەندێک جاریش لوتکەی خێرایی بایەکە دەگاتە زیاتر لە 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئەگەری خۆڵبارینی مامناوەند ھەیە لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و کەرکوک، لە ناوچەکانی دیکەش بە رێژەیەکی کەمتر.

ئەو شارەزایەی کەشناسی دەشڵێت، لە کاتەکانی بەرەبەیان و پاشان لە کاتەکانی شەوی سبەی چوارشەممەدا، ئەگەری چالاکبوونی ھەورەبروسکە و بارانێکی کەم ھەیە لە ھەندێک ناوچەی وەک سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و سۆران، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ، 2 تا 3 پلە نزمتردەبێت .

ئاراس جەبار باسلەوەشدەکات، “کاریگەریی بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لەسەر ناوچەکانمان تا سێ رۆژی داھاتوو بە چالاکی دەمێنێتەوە، بەتایبەت لەنێوان کاتی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە خێرایی و توندیی بایەکە زیاتر دەبێت بەراورد بە کاتەکانی دیکە”.

هەر لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە 20/3/2025، ئەگەر ھەیە لە ناوچەکانی باشور و رۆژھەڵاتی عێراقەوە، بەھۆی بەردەوامیی بای بەھێز، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین دروستببێت و سەرجەم ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بگرێتەوە؛ ھەروەھا بە رێژەیەکی کەمتر، پارێزگا و ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە، پلەکانی گەرماش تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەردەوام نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

روانگەی سەوزی عێراق: بەهۆی خۆڵبارینەوە عێراق رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات

روانگەی سەوزی عێراق رایدەگەیەنێت، زیانەکانی خۆڵبارین لەسەر عێراق، بە یەک ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا دەخەمڵێندرێت. روانگەکە لە بەیاننامەیەکدا…
Total
0
Share