لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکدا سەبارەت بە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، داوای دانانی مێژووی خەباتی سەرۆک مام جەلال لە پرۆگرامەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان و بەغداد دەکات و بە “قەرزێکی مێژوویی و ئەخلاقی” لەسەر شانی هەردوو حکومەت ناوی دەبات.
دەقی وتارەکە:
بە بۆنەی تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا، یادکردنەوەی ئەو ڕابەرە نیشتمانیی و کاریزمایە گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پێکەوەژیان، حیکمەت و مرۆڤدۆستی لە دیمەنی سیاسیی کوردستان و عێراقدا، چونکە مام جەلال تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو مامۆستا و ڕابەری ئاشتەوایی و پەناگەیەکی هەمیشەیی بوو بۆ سەرجەم هێز و لایەنە جیاوازەکان، کە لە قورسترین و تاریکترین قۆناغەکاندا بە خەندە و پشوودرێژییە مەزنەکەیەوە چارەسەری دەدۆزییەوە و هەمیشە بە باوەڕێکی قووڵەوە ڕێبازی دیالۆگ و پێکەوەبوونی بەرجەستە دەکرد.
لەم یادەدا ورووژاندنی پرسیارێک و بیرهێنانەوەی بە بیری کۆمەڵێ کەسایەتی دەسەڵاتدار و دامەزراوەی میری و دۆستە نزیکەکانی سەرۆک مام جەلال پێویستە، کە قەرزێکی گرنگ و مێژوویی و ئەخلاقییان لەسەر شانیانە و کاتی ئەوە هاتووە قەرزەکەی مام جەلال بدەنەوە. هەڵبەت ئەوانەی، کە پێویستە قەرزی مام جەلال بدەنەوە: دوو بەشن، بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن و بەشی دووەمیش لە بەغدادن.
بەشەکەی هەرێم بریتین لە:
ـ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە دۆستێکی نزیکی مام جەلال بوو، ئەرکی پێدانی قەرزەکە لە هەرێم زیاتر دەکەوێتە سەرشانی بەرێزیان.
ـ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی تایبەت بە نووسینی مێژووی گەلەکەمان لە پەرتووکەکانی پرۆگرامی خوێندندا.
ـ هەموو ئەو سەرکردە و ڕۆشنبیر و مێژوونووس و نڤیسکار و ئەکادیمستانەی، کە هاوڕێی مام جەلال بوون.
ـ سەرکردایەتیی حزبەکەی مام جەلال (یەکێتی).
بەشەکەی بەغدادیش بەهەمان شێوە:
ـ جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ.
ـ وەزارەتی پەروەردە.
قەرزەکە چییە؟
بەپێی هەموو مەرج و پێوەرە زانستییەکانی نووسینەوەی مێژوو بێت.
ـ مام جەلال وەکو سەرکردەو ڕابەرێکی نیشتمانی کوردستانی و عیراقی .
ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراقی نوێ .
ـ وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری کورد .
ـ وەکو ئەو سەرۆکەی، کە لەسەر ئاستی کوردستانیی و عیراقیی و نیودەوڵەتی کۆدەنگییەکی هاوبەش و هاوسەنگیان لەسەربوو .
ـ وەکو باوکی تەوافوقی نیشتمانی و ئاشتەوایی و لێبوردەیی و پارێزەری مافی هەموو پێکهاتەکانی عیراق .
ـ وەکو سەرکردەییەکی قاڵبووی سیاسەت و دیپلوماسییەتی نەرم و ژیرانە .
ـ وەکو سەرکردەیەک، کە پێشەنگی شورشێکی گەورەو درێژخایەنی گەلی کوردستانی کردووەو تا دواساتەکانی ژیانی خۆی خزمەتی گەلەکەی کردووە .
ـ وەکو هەموو ئەمانەو چەندانی دیکە، لەلایەکەوە مافی خۆیەتی هاوشێوەی سەرکردە ناودارەکانی جیهانیی، مێژووە هەمە جۆرەکەی لەناو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکان تۆمار بکرێت و لەلایەکی دیکەوە خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان و عیراقیش مافی خۆیانە بە رەهەندە مێژووییەکانی خەباتی مام جەلال ئاشنا ببن .
ـ تۆمارکردنی ئەو مێژووە لە پرۆگرامەکانی خوێندن ئەرکێکی نیشتیمانی، مێژوویی، ئەخلاقییە لەسەر شانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و نابێ ئەم بابەتە لەسەر ئاستی هەرێم تێکەڵاوی ململانیێ حزبایەتی بکرێت . هەروەک ناکرێ لەسەر ئاستی بەغداد -يش ئەم بابەتە بخرێتە ناو تەرازوی ململانێی نەتەوەییەوە و وەکو هەمیشە سەرۆک مام جەلال خۆی وتویەتی”من موڵکی هەمووتانم . ”
ـ دەبێ ئەمجارە و لەدوای ئەم پرسیارە چاوەڕوان بکەین و بزانین تا چەند گفتار و کردارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە رەنگدەداتەوە .
هەموو ئەو قەرزانە، هۆكارەكەی روونە، باسكردن و شرۆڤە و گێڕانەوەی مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی بزوتنەوەی رزگاریخوازى كورد و خەباتی دیموكراسیانەی عیراق، بەبێ مام جەلال مێژوویەکی راست و دروست و بێلایەنانە تۆمار ناکرێت، چونكە هیچ قۆناغ و وێستگە و دەستكەوتێك نەبوو پایەی بیر و بازوی مام جەلال لە سەرمەشقیی و سەركردایەتی پرۆسەكانی رەنگی نەدابێتەوە، لەناو ئەو مێژووەدا مام جەلال هەر رابەرێکی یەكێتی نەبوو، بەڵكو ستونێكی بەهێزی كورد و خەباتی دیموكراسییانەی عێراق و تەنانەت كاركتەرێكی هەرێمیی گەورەش بوو، كە شوێن دەستی بەسەر رووداوەكانی مێژووی هاوچەرخ جێهێشتووە.