کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی کۆتاییهات

کۆبوونەوەى بافڵ جەلال تاڵەبانى و مەسرور بارزانى لە پیرمام کۆتایى هات.

میدیاى رەسمیی یەکێتى بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسرور بارزانی جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتی کوردستان کۆتاییهات.

کۆبوونەوەکە ماوەى نزیکەى کاتژمێرێکى خایاند.

بافڵ جەلال تاڵەبانى دواى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ مەسرور بارزانى لە لێدوانێکدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەمان زۆر باش بوو، لەسەر چەند خاڵێکى ستراتیجى کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت رێککەوتووین و گفتوگۆکانیشمان بەردەوام دەبن.

وتیشى، “ئامانجى هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتى میللەتەکەمان”.

لاى خۆیەوە مەسرور بارزانى وێراى بەخێرهێنانى بافڵ جەلال تاڵەبانى رایگەیاند، ئەمە دوو جارە دوو کۆبوونەوەى زۆر ئەرێنى و باشمان ئەنجامدا بۆ لێکنزیکبوون و تاوتوێکردنى ئەو بابەتانەى گرنگن بۆ خەڵکى کوردستان و بۆ ناوچەکە بە گشتى.

وتیشى، “پێشکەوتنى زۆر باش، تێگەیشتنى زۆر باش لە زۆر لەو بابەتانە هەبووە و، ئومێدەوارین تیمەکانیش بتوانن هەر بەو رۆحیەتە بگەنە رێککەوتنێکى تەواو لەسەر پێکهێنانى حکومەت لەکاتێکى نزیکدا و، خەڵکى کوردستانیش دڵیان خۆش بێت بەو بەرەوپێشچوونەى گفتوگۆیانەى لەنێوانماندایە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share