وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، بەرنامەی وەرگرتنی ئەو كۆچبەرە عێراقییانەی “هاوكاری هەوڵە سەربازییەكانی ئەمریكایان كردووە” بۆ ماوەی 90 ڕۆژ هەڵدەپەسێرێت.
وەزارەتەكە ئاشكرایكرد، بڕیارەكە پاش ئەوە هات ڕۆژی هەینی 22ی كانونی یەكەم دەسەڵاتداران ئاشكرایانكرد كە دەست بۆ بەرنامەی وەرگرتنەكە براوە وەك هەوڵێك بۆ دزینی دۆسیەی كۆچبەران.
دانیێڵ سمیش، ئەنجامدەری كارەكانی وەزیری دەرەوە وتی، دەسەڵاتداران پێویستیان بە تاوتوێكردنی “خاڵە لاوازەكانی” بەرنامەی كۆچبەرانی عێراقییە، بەڵام جەختیشیكردەوە كە بەرنامە فراوانەكەی كۆچبەران تائێستا بە پارێزراوی ماوەتەوە.
بەرنامەی تایبەتی كۆچبەرانی عێراقی لە ساڵانی سەرۆكایەتی جۆرج بۆش دامەزرێنرا و، ئامانجیش لێی پاداشتكردنی ئەو عێراقییانەبوو كە وەك ڕێنوێنیكار یان وەرگێڕ لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەمیانەی جەنگ لە عێراق كاریانكردووە، بەهۆی ئەوەی زۆركات مەترسی گەورەیان لەسەر ژیانیان دروستكردووە یان بوونەتە ئامانجی تۆڵەكردنەوە بەهۆی هاوكاریكردنی ئەمریكییەكانەوە.
ڕۆژنامەی (واشنتن تایمز) بڵاویكردەوە، دەیان هەزار داواكاری كۆچ بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەڕێی ئەو بەرنامەیەوە پێشكەشكراوە و پەردەپۆشكراوە.
س: واشنتن تایمز