لە چەند رۆژی رابردوودا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق داوای ئایبانی مووچەخۆرانی هەرێمی لە حکومەتی هەرێم کرد، شارەزایەکی دارایی و بانکی لەبارەی ئایبان و سوودەکانییەوە چەند زانیارییەک دەخاتەڕوو.
گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانکی، رایگەیاند، ئایبان (IBAN) بریتیە لە کورتکراوەی International Bank Account Number، کە کۆدێکی بانکیی جیهانییە، هەندێک وڵات لە 35 خانە پێکهاتوە، هەندێکی تر لە 32، هەندێک 29، عێراقیش لە 23 خانە پێکهاتووە.
گوڵاڵە سدیق دەڵێت، خانەکانی عێراق بەمجۆرەن:
ــ دوو خانەی سەرەتا بریتییە لە کۆدی وڵات IQ.
ــ دوو خانەی دووەم بریتیە لە ژمارەی نێودەوڵەتیی بانکەکە کە پێشی دەوترێت ژمارەی بەدواداچوون.
باقیی ژمارەکان پێی دەوترێت بیبان BBAN بەمشێوەیە:ــ
ــ ژمارەی پێنجەم هەتا نۆیەم بریتییە لەژمارەی بانکەکە لە ناوخۆ.
ــ ژمارە نۆ هەتا 12 بریتییە لە ژمارەی لقی بانکەکە.
ــ لە 13 هەتا 23 بریتییە لە ژمارەی بانکیی کەسەکە.
ــ ئەم هەژمارە بە دینار (1) و دۆلار (2)ە.
ــ جۆری هەژمارەکە ( جاری تاکە کەسی، جاری کۆمپانیا، ودائعە)
ــ دەتوانرێت حساب بانکێکی ئاسایی بگۆڕدرێت بۆ ئایبان.
سوودەکانی ئایبان
1ــ باشکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
2ـ خێراکردنی حەواڵەی ناوخۆیی و دەرەکی.
3ـ ئاسانکردنی پارەدانی ناوخۆیی و دەرەکی.
4ـ متمانەی نێودەوڵەتی.
5ـ سەلامەتی و کەمکردنەوەی رسک لەکاتی حەواڵەدا.
گوڵاڵە سدیق، دەڵێت، “لەڕووی یاساییەوە دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق داوای ئایبان لە هەرێم بکات، چونکە هەرێم لەلایەن ناوەندەوە تەمویل دەکرێت، هەموو جوڵەیەکی دارایی لەڕێی ئایبانەوە چ لەناوخۆ یان دەرەوە چاودێریکراوە”.
ئەوەش دەڵێت، “داواکردنی ئەم ئایبانە لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە بۆ ئەوەیە راستەوخۆ مووچە بخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکان بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە مانگی شوباتی 2024دا”.