گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی بەڕیتانی BP واژووکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراقی گرێبەستی پەرەپێدانی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەڕیتانی BP واژووکرد، تایبەت بە سەرپەرشتیکردن و باشترکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی کەرکوکدا.
هاوکات، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دەربارەی گرێبەستەکە ئەوەی خستەڕوو، کە واژووکردنی گریبەستەکە دەستکەوتێکی گەورەیە و دەبێتە مایەی شانازی بۆ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکە و کاریگەری لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکوکدا دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ماوەیەکە بەرهەمهێنانی نەوتی تێدا راگیرابوو.
ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە تایبەتە بە پەرەپێدان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک، ئەوانیش کێڵگەکانی: بای حەسەن، ئاڤانا، جەمبوور، بابە گوڕگوڕ، بڕیاریشە لە ماوەکانی داهاتوودا بە رەسمی کۆمپانیاکە کارەکانی دەستپێبکات.
رێکەوتنەکە لە چوارچێوەی سەردانێکی محەمەد شیاع سودانیدا بووە بۆ بەڕیتانیا، کە لەماوەی رابردوودا سەردانی وڵاتەکەی کردووە و کۆمەڵێک رێکەوتنی لە چەند بوارێکدا ئەنجامداوە، لەنێویشیاندا رێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەڕێتانی BP، کە ئەمڕۆ بەرەسمی گرێبەستەکە واژۆکرا.